زانکۆی ئەمریکی لەعێراق، سلێمانی بەخۆشحاڵییەوە هەواڵی دەستەبەرکردنی سکولارشیپی "ئاییندە بەش دەکەین" بەکۆمەکی "ئەکویتی ئینتەرناشناڵ" رادەگەیەنێت. ئەم سکولارشیپە، بەشێکە لەهەڵمەتی "ئێمە ئاییندە بەش دەکەین" بەمەبەستی بەشداریکردن لەپەرەپێدان و کۆمەککردنی هێزی کاری ئاییندە لەناوچەکەدا، پێشبینییش دەکرێت کۆمپانیا هەڵسوڕاوەکانی دیکەی ناو عێراق بەشداری لەم هەڵمەتەدا بکەن.
ئامانجی سەرەکی لەم سکولارشیپە بریتییە لەکۆمەککردنی ئەو فێرخوازە "کچ و کوڕ"انەی خەریکی خوێندنن لەیەکێک لەو پسپۆڕیانەدا کە لایەنە کۆمەککارەکان ناوبەناو دیاریی دەکەن.
ئەم سکولارشیپە، سکولارشیپێکی ساڵانەیە، تێچوی خوێندن و خەوگە و خەرجیی خولەکانی راهێنان دەستەبەر دەکات، بەکۆرسەکانی خوێندنی هاوینەیی و زستانەییشەوە، لەگەڵ تێچوی خوێندنی دەرەوەی کەمپی زانکۆ لەکەمپی زانکۆی دیکە بەگوێرەی سیاسەتی زانکۆکە و گرێبەستەکانی.
سکولارشیپەکە، ئەو فێرخوازانە دەگرێتەوە کە لەئەندازیاری و ئەندازیاریی پرۆگرامسازی و زانستی تاقیگە پزیشکیەکان و تەکنەلۆجیای زانیاریدا پسپۆڕی بەدەستدەهێنن.
پێویستە فێرخوازان ساڵێک یان دوو ساڵیان لەخوێندنە زانکۆییەکەیان لەزانکۆی ئەمریکی لەعێراق، سلێمانی تەواو کردبێت، لەگەڵ لانیکەم یەک کۆرس لەپسپۆڕیەکەیان کە دەبێت یەکێک بێت لەو پسپۆڕیانەی دیاری دەکرێن "لەئێستادا دیاری کراون و بریتین لە: ئەندازیاری و ئەندازیاریی پرۆگرامسازی و زانستی تاقیگە پزیشکیەکان و تەکنەلۆجیای زانیاری".
تێکڕای کەڵەکەبوی داواکراو بریتییە لە: ٢،٥.
رێژەی مێینە لەسودمەندبوان دەبێت لانیکەم ٥٠٪ بێت.
مەرجەکان:
-
فێرخواز، دەبێت لانیکەم ٣٠ کاتژمێر خوێندنی زانکۆیی کریدتکراوی لەزانکۆی ئەمریکی لەعێراق، سلێمانی تەواو کردبێت. ئەو فێرخوازانە لەبەرترن کە لەتەواوکردنی خوێندنە زانکۆییەکەیان نزیکبونەتەوە.
-
تێکڕای کەڵەکەبوی فێرخواز نابێت لە ٢،٠ کەمتربێت، هەروەها دەبێت فێرخواز لانیکەم یەک کۆرسی لەپسپۆڕیەکەی خۆی خوێندبێت.
-
دەبێت کەسەکە فێرخوازی یەکێک لەو پسپۆڕییە سەرەکیانە بێت کە دیاری کراون و بریتین لە: "ئەندازیاری، ئەندازیاریی پرۆگرامسازی، زانستی تاقیگە پزیشکیەکان، هەروەها تەکنەلۆجیای زانیاری".
-
فێرخواز، دەبێت هیچ سکولارشیپ و کۆمەکێکی دیکەی وەرنەگرتبێت.
-
فێرخواز، دەبێت کەسێکی چالاک بێت و پێویستی بەدەستگیرۆیی و کۆمەکی داراییش بێت.
چۆنیەتیی پێشکەشکردنی داوا:
داوا لەپێشکەشکاران دەکرێت فۆرمێک پڕ بکەنەوە لەڕێی ئۆفیسی سکولارشیپەکانەوە.
پرۆسەی هەڵبژاردن
لیژنەی سکولارشیپەکان لەزانکۆ، لەسەر بنەمای ئەو مەرجانەی کە لەسەرەوە ئاماژەیان پێ درا، بڕیاری کۆتایی دەدات، بەپێی رێوشوێنەکانی بەخشینی سکولارشیپ، بەو مەرجەی زانکۆکە رازیبێت.